لێکدانەوەی پڕۆسەی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژووی سەدەی ڕابردوو تێگەیشتنێکی تەواو نادات. لە ماوەی ئەم سەدەیەدا، کوردستان گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگی تێپەڕاندووە؛ گۆڕانکارییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریان لە شێوە و ئاراستەی بزووتنەوەی کوردایەتی هەبووە. بۆیە پێویستە ئەم مێژووە نەک تەنها وەک ڕیزبەندی ڕووداوەکان، بەڵکو وەک پڕۆسەیەکی درێژخایەن لە گۆڕان و پێکهاتنی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لێک بدرێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی بزووتنەوە و سەرهەڵدانەکان لە کوردستان گرنگی زۆری هەیە. لە بنەڕەتدا، زۆربەی ئەم بزووتنەوانە لە دەوری داواکاریی ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین خولیان خواردووە، هەرچەندە پاڵنەری جەماوەرییان لە هەر قۆناغێکدا بە شێوەیەک پەیوەست بووە بە ئایدیۆلۆجیا و فکری باو لەو سەردەمەدا.

لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە، لە چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ـ کە لەو کاتەدا هێلی گشتی ئاراستەی بزووتنەوەکەی دیاری دەکرد ـ چەندین گرووپ و باڵی حزبی جیاواز پێکهاتن. لە قۆناغی سەرەتادا، زۆربەی پارت و هێزە سیاسیەکان بە پشتبەستن بە بەرنامە و پرۆگرامی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، لایەنگرانیان ڕێک دەخست و جەماوەریان ئاراستە دەکرد.

بە تێپەڕبوونی کات و قۆناغ بە قۆناغ، و لەگەڵ بەرجەستەبوونی توانا و بەهێزبوونی ملمڵانێکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، هەروەها بە هاتنەکایەی گفتوگۆ و دانپێدانانی فەرمی، هاوکێشەی هێز و بڕیاردان لە ناو گۆڕپانی سیاسی بەرەبەرە گۆڕانکاری بەسەرداهات. ئەم پڕۆسەیە لە هەندێک قۆناغدا گەیشتە سنووری قورخکردنی بڕیاردان و کەمبوونی ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵک، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی زەمینەی پێکهاتنی هێزی تازەی لە پاڵ هێزە تەقلیدییەکانی گۆڕپانەکە درووست کرد.

لە هەموو قۆناخەکاندا، ئاراستەی بنەڕەتی بزووتنەوەی کوردایەتی ـ واتە داواکاریی ئازادی و سەبەخۆیی ـ بەردەوام مایەوە. لە هەمان کاتدا، ئەم بزووتنەوەیە توخمی نوێگەری و مۆدێرنیتەی هێنایە ناو خۆی تا لە ئەنجامی ئەم پڕۆسە مێژووییەدا، نۆبەرەی بزووتنەوەی کوردایەتی ـ دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان ـ وەک یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە سیاسییەکان دەرکەوت و بوو بە جێگەی شانازی مرۆڤی کورد.

گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی وڵاتان لەسەر کوردستان بێ کاریگەری نەمایەوە. بۆیە لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بوون چاڵاکییەکانیان سنووردار بکەن؛ هەنگاوێک کە لە لایەک بۆ پاراستنی هێز و تواناکانیان بوو و لە لایەکی ترەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەبینرێت. ئەم دۆخەش لە بنەڕەتداو لە ڕوانگەی تحلیلییەوە، دەرهاویشتەی هاوکێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جوڵەی سیاسیی هێزە کوردستانیەکان هەبوو.

بەڵام لە هەمان کاتدا، بە هۆی گوشاری هەمەجۆری ئابووری و دەروونیی سەپێنراو لە نێوخۆی وڵاتدا، لەڕۆژهەڵات، لەنێو چاڵاکوان و گەنجانی کورد هێزێکی شاراوەی کارا هاتە ئاراوە. ئەم هێزە لە دەرفەتە جیاوازەکاندا و بە شێوەی جیاواز چاڵاکیی خۆی نیشاندا و بە شێوەیەک بوو بە یەکێک لە پاڵنەرە گرنگەکانی تازەترین ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران.

لەم ڕۆژانەدا گوشارێکی زۆری سیاسی لە چوارچێوەی هاوکێشەی نوێی هێزەکان لەسەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست بووە. ئەم گوشارە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئەم هێزانە بۆ بەدیهێنانی ئەرکێکی لە ڕادەبەدەر هەستیار خەریکە پەلکێشی ناو هاوکێشەیەکی بازنەفراوان دەکرێن؛ هاوکێشەیەک کە هێشتا ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ دیار نییە.

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا زەمینە لەبارە بۆ چوونە ناو ئەم هاوکێشەیەوە یان نا، گرنگە ڕاستییەک بەبیرخۆمان بێنینەوە کە لە هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتەدا پێویستە بەردەوام لەبەرچاو بگیرێت. ئەویش ڕاپەڕینی باشووری کوردستانە. ڕاپەڕینی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بوو لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی نوێی کورد. ئەم ڕاپەڕینە سەرەتا لەلایەن خەڵکەوە دەستی پێکرد؛ خەڵکی شار و گوندەکان دوای شکستی عێراق لە جەنگی کەنداو هەستانەوە لە دژی ڕژێمی بەعس و حکومەتی سەدام حوسێن. دوای دەستپێکی ڕاپەڕینەکە و گەشەکردنی بزووتنەوەکە لە شارەکاندا، هێزی پێشمەرگە گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان و بەشداریان کرد لە پاراستن و ڕێکخستنی ڕاپەڕینەکە.

تێڕوانینێکی بابەتیانە بۆ ئەم پڕۆسەیە پێمان دەڵێ کە ئەو هێزە شاراوەیەی باسکرا هێزی بزوێنەری ڕاستەقینەی گۆڕانەکانە. لە قۆناغێکی وەک ئێستادا، هەنگاونان بەبێ ئامادەبوونێکی کارا و ڕێکخراوی ئەو هێزە جەماوەرییە دەکرێت بە ئاسانی ببێتە هۆی کەوتنە ناو گێژاوێکی سیاسی و سەربازی؛ گێژاوێک کە دەتوانێت ئاکامەکانی لەسەر گۆڕپانی ناوچەیی و ناوخۆیی بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو بێ.

هاوئاهەنگی تا ئاستی هاوپەیمانیەکی سەرەتایی لە نێوان هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات، هاوشێوەی درووستبوونی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان وەڵامێکی گونجاوی قۆناخەکەیەو بوێری و دانایی ئەکتۆرەکانی بەڕوونی دەردەخات. لەهەمان کاتدا بەربەستەکانی هاوکاری جەماوەری کەم دەکاتەوەو ئامرازەکانی ئامادەکاری بۆ قۆناخی دواتر کاراتر و بەرهەمدارتر دەکات. سەرەڕای ئەمانەش درزەکان کەمتر دەکاتەوەو ترسی لێکترزانیش بەو ئاستە دەڕەوێنێتەوە.

لە ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان زۆرجار وەک بەهێزی لە پێگەی جەماوەریان دەبێنرێ. پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو بۆ ئەو وڵاتانە ئاسانتر دەبێت.

بەو شێوەیە ئەم هاوپەیمانییە هەروەک چۆن لە ناوەوە، بە هەمان هۆکار لەدەرەوەش دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش متمانەی سیاسیی بۆ خۆی زیاد بکات و بەو هۆیەشەوە وەک پێگەیەکی ڕێکخراوتر بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ئێران ببینرێت. ئەمەش لەجەوهەردا شەرعیەتدان بە بزووتنەوەی کوردە و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی سیاسی لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانی تری ئێران.

بۆ سوود وەرگرتن لەو پێگەیە و متمانەیە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی ناوچەکە سازانێکی پراگماتیکی ستراتیژیک پێویستە کە هەژمارکراو و ئامانجدار بێت و لە هەمان کات دا پابەند بێ بە بنەما سەرەکییەکانیش.

بەڵام لە ڕوانگەی ستراتیژیکەوە، ڕۆژئاوا هێشتا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، چونکە، دابەشبوون یان داڕماندنی ئێران دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەرێمایەتی هەبێت. بەو پێیەش دەکرێ بزوتنەوەی کوردیش لە ڕۆژهەڵات بە وریاییەوە لەو یاریە جیۆپۆلیتیکیە نزیک بێتەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی نەبێتە ئامراز یاخود یاریچەی هێزە گەورەکان.

لە کۆتاییدا، ئەوەی کە لە قۆناخی ئێستادا گرنگە بریتییە لە توانای ئەکتۆرە سیاسیەکانی کورد بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە و گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە بۆ هاوکێشەیەکی ستراتیژیک؛ هاوکێشەیەک کە نەک تەنها بۆ خۆپاراستن، بەڵکو بۆ پێکهێنانی قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسیی کورد بتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەبێت.

ئارام گەردی