خۆری هیچ نەتەوەو وڵاتێک بەبێ قوربانیدان هەڵنەهاتووەو لە مێژووشدا هیچ کام لە شۆرش‌و سەرهەڵدانەکان بەبێ کەم‌و کووڕی‌و نەنگی نەبوون. خۆری ئێمەش ئەم جارەیان لە ڕۆژاڤا هەڵهاتووەو پڕشنگدارە بە کەزی ژنان‌و کچانی کوردو پڕیەتی لە ووزەو خۆڕاگی.

گومانی تێدا نیە کە خەبات‌و تێکۆشان بۆ ئازادی‌و سەربەخۆیی پشووی درێژی دەوێ‌و لەم رێگایەشدا هەموو کۆسپ‌و تەگەرەیەک دەتوانێ ببێ بە وانەیەک بۆ قۆناخ‌و هەنگاوەکانی دوای خۆی. ئەم ڕاستییە مێژووییە نیشانی دەدات کە گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان هەمیشە بە ڕێگای پڕ لە پچڕان و تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕن. ئەزموونە مێژووییەکانیش گەواهیدەری ئەوەن کە ساتەکانی وەستان، گۆڕینی ئاراستە و هەندێک جاریش شکست بەشێکی بنەڕەتی گۆڕانکارییە درێژخایەنەکانن. سەرئەنجام ئەوەی گرنگە، توانای ئەکتەرە سیاسییەکانە لەوەدەستهێنانی ئامانجی ستراتیژی نوێ لەسەربنەمای ئەم گۆڕانکاریانە.

ڕاپەڕینی سوریا کە سەرەتا وەک بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی یەکگرتوو دەردەکەوت، بە خێرایی گەشەی کرد و گۆڕا بۆ سیستەمێکی ئاڵۆزی ململانێ. لەم سیستەمەدا ئەکتەرە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێکەوە تێکەڵ بوون، و گرووپە جیاوازەکان بە بەرژەوەندی و ئامانجی جیاواز خۆیان ڕێکدەخست. بۆیە ئەو ململانێیە پێویستە کەمتر وەک ڕووداوێکی نەتەوەیی دابڕاو و زیاتر وەک بەشێک لە ئاقاریکی فراوانی دەسەڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی تەماشا بکرێ.¹

گرنگیدان بەوەی ئایا ئەو گرووپ‌و هێزانە چۆن درووست بوون و لە کوێوە هێزیان گرت و کێ پاڵپشت‌و بزوێنەریان بووە کەمتر جێی بایەخە لەوەی بۆچی هەندێک ئەکتەر بەهێز، هەندێک لاواز کران و هەندێکیشیان بە شێوەیەکی مەبەستدار پەراوێز خران. ئەم پڕۆسانە پێڕەوی نەخشە درێژخایەنەکان دەکەن کە ڕەگ و ڕیشەیان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەسپاوو قووڵە.

مێژووی هاتن‌و مانەوەی زلهێزەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەرجەستە دەبێ لە سێ نەگۆڕی ستراتیژی:²

  1. دەستگەییشتن بە سەرچاوەکانی ووزە
  2. دەستەبەرکردنی ڕێڕەوەی گواستنەوەو بازاڕ
  3. بە ئامڕازکردنی سیاسی کەلتوورو ئایین

لە کاتێک‌دا هەوردوو تەوەری یەکەم و دووەم تا ڕادەیەکی زۆر جێگیرن، تەوەری سێیەم بەردوام کاری لەسەر دەکرێ. ناتەباییە کەلتووری‌و ئایینی وە هەروەها نەتەوەییەکان چاڵاک دەکرێن یان لاواز دەکرێن بەپێی پێویستییە جیوپۆلیتیکی و ئابوورییەکان. لەم پەیوەندەدا ناسنامە مەرج نیە هۆکاری سەرەکی جەنگ بێ، بەڵام هەمێشە ئامرازێکە بۆ ڕێکخستنی ململانێکان لە یەکلاکردنەوەیان.³

ئەم شیکاریە ڕۆلی کورد لەزەمینەی سوریا و ناوچەکەدا ڕوون دەکاتەوە. شوێنی جیوپۆلیتیکی کوردستان، دابەشبوونی دانیشتووان و نزیکبوونی لە سەرچاوەی وزە و ڕێڕەوەی ئابووری، کورد بۆ ئەکتەرێکی ستراتیژی گرنگ دەگۆڕێت. لەهەمان کاتدا نوێنەرانی کورد لە پڕۆسە فەرمییەکانی بڕیاردان دووردەخرێنەوە یان بە ڕۆڵێکی سمبۆلی سنووردار دەکرێن.

ئەم پەراوێزخستنە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ڕوونادات، بەڵکو هاوتایە بە مۆدێلێکی دیزایینکراو. کە چەندین سەدەیە پێڕەو دەکرێ. گوتارەکانی برایەتی، هاوئایینی و هاومێژوویی لەم چوارچێوەیەدا وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی نەرم بەکاردێن، لە ڕاستیدا مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم گوتارانە بریتیە لە بەرژەوەندی ئابووری.⁴ ئەگەر باش درکی پێ نەکرێ و ملی بۆ بدرێ دەبێتە هۆی لەدەستدانی بزوێنەرترین کارتی ستراتیژی‌ و دواجار بچووکبوونەوەو قەتیسمانی تەواوەتی ڕۆڵی کورد.

لە ڕووانگەی ستراتیژییەوە ئەم هەلومەرجە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە ئاراستەی سیاسەتی کوردی. تەنها بەرگری یان هەستیارکردن و بزواندنی بیری نەتەوەیی ناتوانێت کاریگەری درێژخایەن مسۆگەر بکات. لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجەدا تێکهەڵکێشکردنی سیستەماتیکی ئامرازە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەکان دەتوانێت ئاستی کاریگەریەکان زیاد بکات.

زلهێزە جیهانیەکان بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی وزەو ڕێڕەوی ئابووری سوود لە ململانێ‌ کەلتووری و ئایینیەکان دەبینن، لە کاتێکدا کورد لە بەرابەردا دەتوانێ سوود لە وزەو ڕێڕەوی ئابووری وەربگرێ بۆ کاریگەری دانان لە سەر بڕیاردان. بەکارهێنانی هۆشیارانەی سەرچاوەی وزە و ڕێڕەوەی بازرگانی پانتایی کارکردنی کارا فراوانتر دەکات. چونکە ئەمانە لە دانیشتنە نێودەوڵەتییەکاندا فاکتۆری کاریگەرن بۆ پێدانی قورسایی سیاسی بە دانوستاندنەکاندا.²

پەیڕەوکردنی ئەم ڕێبازە دەتوانێ پلانێکی ستراتیژی نیشتمانی دریژخایەن‌ و لە هەمان کاتدا بناغەیەکی دیپلۆماسی سەقامگیرو تۆکمە دەستەبەر بکات. ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە هەیە لەوەی کەوا سنوورەکان دەستکردن‌‌و جێگیر نین، هاوپەیمانیەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندین‌ و کاتین.¹ لێرەدا جیاکردنەوەی هاوپەیمانییە ستراتیژی و تاکتیکیەکان وە هەروەها بە وریایی ڕێزبەندی قورساییەکانیان کاریگەرییەکی بنچینەیی لەسەر هەڵسوکەوتی داهاتوو هەیە.

لەم پڕۆسەیەدا باوەڕبەخۆبوون، ڕوونی لە سیاسەت و شکاندنی تابوکان بنچینەی کاریگەریی دانانن. سیاسەتی شەرمنانە یان خۆخستنە ناو قۆرتی قوربانی و بە زەیی دەبیتە هۆی دابەزینی هیزی گفتوگۆ و کەمبوونەوەی متمانەی هاوبەشەکان.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم پاشخانەدا هەوڵی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاڤا بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان، دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە، دەچێتە چوارچێوەی دیزایینکردنی توخمێکی سەرەکی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد. ئەمە بۆ هەوڵی بە خۆماڵی کردنی نەوت و غازی باشووری کوردستانیش هەر ڕاستە - سەرباری کەموکووڕیە تاکتیکیەکان لە هەردوولا. بۆیە بە کراوەیی‌ و گەرمی هێشتنەوەی هەردوو ئاراستەیان ئەگەری کاریگەری دانان لە نەخشکردنی داهاتووی ناوچەکە زیاد دەکات. کارکردن لەسەر هاوبەشی لە دەستەبەرکردنی ڕێڕەوەی بازرگانیش بەهەمان پرەنسیپ‌ کاریگەری دانانەکە تۆختر دەکاتەوە.²

هەوڵ‌و کۆششی دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەکان بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی کورد بە سەرچاوە سرووشتیەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن کە ئەو سەرچاوانە‌و ڕێڕەوەکان دەتوانن بۆ سیاسەتی کوردی ببن بە کارتی گرنگ لە کایەی ئابووری و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی.

ئارام گەردی


¹ Marc Lynch, The Arab Uprising; Robert D. Kaplan, The Revenge of Geography.

² Daniel Yergin, The Prize: The Epic Quest for Oil, Money, and Power; Robert D. Kaplan, The Revenge of Geography.

³ Fredrik Barth, Ethnic Groups and Boundaries; Rogers Brubaker, Ethnicity without Groups.

⁴ دکتۆر مەجید سالح، سوڵتان سەڵاحەدین ئەیوبی – پرسی کوردبوون: لە ئاماژەی بۆ H. A. R. Gibb